له‌ به‌رده‌وامیى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا؛ ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ بەرێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانی دارایی و چۆنیەتیی تێپەڕاندنی قەیرانەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستان و هەمانگیی زیاتری نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەوبارەیەوە، گفتوگۆی لەسەر كرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پێكهاتەی نوێی حكوومەتی عێراق كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان ڕاشكاوانە هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی خستە ڕوو كە پێویستە مافی دەستووری و یاسایی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 31 - 1 - 2016 شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەندامییەتیی بەرێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدایان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، لەگەڵ بەڕێز د. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال و شاندێكی حكوومەتی عێراق كە لە هەریەكە لە بەڕێزان وەزیرانی نەوت و پلاندانان و ئاوەدانكردنەوەی و نیشتەجێكردن پێكهاتبوون، بەڕێز عەبادی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، گرنگیی دیدار و كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوولای دووپات كردەوە بۆ لێكگەیشتنی هاوبەش بەرامبەر بە پێشهاتەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی كار بە شێوەیەك لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان بە گشتیدا بێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەەوە دا كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەخوازێت هەموو دەڤەرەكانی عێراق وێران بكات و لەمبارەیەشەوە جەختی لە كاری هاوبەش و پێكەوەیی و بەردەوامیی هەنگاوەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوی تیرۆرستانی داعش بە مەبەستی ئازادكردنی شاری مووسڵ و هەموو ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەستی داعشدان، كردەوە.

لای خۆیەوە بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گرینگیی دیدار و كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدای دووپات كردەوە و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنانەشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە سوپای عێراق لە شاری ڕومادی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەدەستیان هێناوە و هیوای خواست كە هاوكاریی و هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ببێتە هۆی ڕزگاركردنی تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە تیرۆرستانی داعش.

بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها پوختەیەكی لەبارەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هاتنی نزیكەی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوشی دارایی هەرێمی قورستر كردووە بۆیە بە پێویستی زانی حكوومەتی عێراق كۆمەك و هاوكاری بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بنێرێت و یارمەتیان بدات.

لە لایەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا داكۆكی لەسەر هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە لە هەموو بوارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ئابووری و تەواوی ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان و عێراق دەبنەوە. بە تایبەتیش باس لەو قەیرانە داراییە كرا كە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەكانی جیهان دروست بووە  و كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر عێراق و هەرێمی كوردستان، هەردوولاش جەختیان لە پێویستی دانانی بەرنامەیەكی چاكسازیی ئابووری كردەوە بە شێوەیەك هەوڵ بدرێت لە بواری داهاتدا كەمتر پشت بە فرۆشتنی نەوت ببەسترێت.

لە دیدارەكەدا ئەو مەترسیانەش تاوتوێ كران كە لەسەر بەنداوی مووسڵ هەن و تیشك خرایە سەر ئەو ڕێكارانەی كە دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە بگیرێنە بەر. هەروەها لەسەر ئەوەش ڕێككەوتن كە بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو لێكگەیشتنی زیاتر و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، كۆبوونەوەی دەوری بەشێوەیەكی بەردەوام ئەنجام بدرێن.

ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بارودۆخی مەیدانیی شەڕ و دوا پەرەسەندنە سەربازییەكانیان لەدژی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کرد.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، ئازادکردنی ڕومادی و ناوچەکانی دیکەیان خستە بەر باسەوە؛ هاوکات سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە حەیدەر عەبادی کرد بە بۆنەی ئازادكردنی شاری ڕومادی و ئەو سەرکەوتنەی کە هێزەکانی عێراق لە ڕومادییان بەدەستیان هێناوە و شارەکەیان لە دەست تیرۆریستان ئازاد کرد.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسیان لە بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق کرد لە شەری دژی تیرۆردا، ئەوەیش دووپات کراویەوە کە، گوشاری سەربازی لە هەموو بەرەکان لەسەر تیرۆریستان بەردەوام بێت بۆ ئازادکردنی ناوچەکان و شکستدان و لەناوبردنی تیرۆریستان.

ڕۆژی سێشەممە 8ـی 12ـی 2015 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دوا پێشهاتە سیاسییەكانیان تاوتوێ كرد.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لە پاراستنی سیادەی عێراق كرایەوە و باسی سەردانە چاوەڕواننكراوەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا و ئەجێندای ئەو سەردانە كرا بە تایبەت بابەتی هاتنی سوپای توركیا بۆ نزیك شاری موسڵ و ئەوەیش دووپات كرایەوە كە پێویستە ئەم بابەتە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن.

 

ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی 11ـی 2015 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە دەڤەری شنگال و بایەخی ئەو سەركەوتنانە و كاریگەریەكانی لەسەر شكست و لەناوبردنی داعش بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق شی كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد و دەستخۆشیشی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال.

ڕۆژی شەممە 10ـی 10ـی 2015 بەڕێز حەیدەر عەبادی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسیەكان ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها باسیش لە ئامادەكاری و سەركەوتنەكان و پێشڤەچوونی ڕەوشی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كرا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها هەردوولا جەختیان لە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی كردەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق تەقدیر و پێزانینی بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە هەبوو و سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان نارد.

 

 

 

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 28/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز تیم كاین سەرۆكی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكانی سەناتی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ئەندامانی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكان و كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەناتی ئەمەریكا پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا بەڕێز كاین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و مەبەستی سەردانەكەی خستەڕوو كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستانە و دەستخۆشیی لە حكوومەت و خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان كرد كە جیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران كردووە و هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون.

شاندی میوان نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر پێشڕەوییەكانی تیرۆرستانی داعش و نەبوونی پلانێك بۆ لەناوبردنیان دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە لە دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی دیكەی عێراق، داوا دەكەن بەشدارییەكی زیاتر بە سوونە بكرێت بۆئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی باشتر ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. لە هەمان كاتدا پشتگیریی خۆیان بۆ نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا بەپێی رێككەوتن و یاساكان شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات و بارقورسیی سەر هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی سەناتی ئەمەریكای كرد و هاوكاری و هاریكارییەكانی خەڵك و حكوومەتی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆڤییەوە بەرز نرخاند كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پاشەكشێ كردن بە تیرۆستانی داعش هەبوو و هیوای بەردەوامی هاوكارییەكانی خواست بە تایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای لە شاندی میوان كرد لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵ ببینن بە شێوەیەك ئەو ئەركەی كەوتۆتە سەر شانی بەغدا جێبەجێی بكات. ئاماژەی بەوەش كرد كە هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆیە داوای كرد هەوڵی جددی بدرێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاری رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیە یەكگرتووەكان بكات تا یارمەتی و كۆمەك بگەیەننە ئاوارە و پەنابەران.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ڕەوشی پێشكەوتن و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ئەو ئاستەنگانەی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان دروستبوون، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەییشتە هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێم پێشوازی كرا.

دوای پشوودانێكی كورت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە خالد ئەلعوبێدی وەزیری بەرگریی حكوومەتی عێراق و محەمەد سالم ئەلغەبان وەزیری ناوخۆی حكوومەتی عێراق و دكتۆر جاسم محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و فەریقی یەكەم بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گوتەیەكدا ئاماژەی بەو بەرژەوەندی و خاڵە هاوبەشانە كرد كە زیاترن لە خاڵی ناكۆكیی نێوان هەولێر بەغدا و بە پێویستی زانی كە كار لەسەر بەرژەوەندی و خاڵە هابەشەكانی هەردوولا بكرێت و پەرەی پێ بدرێت.

ئەوەیشی ڕاگەیاند كە حەز بە پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێم دەكات و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش پێویستیمان بە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتر نێوان هەردوولا هەیە. سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئەوەیشی باس كرد كە لە شەی دژی داعشدا هیچ سنوورێك نییە بۆ بەرزكردنەوەی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست ئەم سەردانە سەركەوتوو بێت و دەرگە بۆ هاوكاری و لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا بكاتەوە. سەرۆك بارزانی باسی لە قارەمانێتیی پێشمەرگە لەدژی تیرۆریستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان بەڕووی پەڵامارێكی دڕندانەی دوژمنێكی پڕچەك و بەدڕەوشت هاتەوە و توانی تێكیبشكێنێت. سەرۆك بارزانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ ئەوەی هەماهەنگی و هاوكاریی هێزەكانی عێراق بكات لە دەركردن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش.

هەر لەم دانیشتنەدا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها پڕۆسەی ئازادكردنی تكریت لە لایەن هێزەكانی عێراق و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بڕیاریش لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی سەربازی بۆ دیراسەكردنی پلانی ئازادكردنی موسڵ و لیژنەیەكی هاوبەشی تایبەتیش درا بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە بوونی هەڕەشە بۆ سەر كوردستان و عێراق هەڕەشەیەكی هاوبەشە و پێویستیشە تەواوی عێراق لە چنگی تیرۆریستان ڕزگار بكرێت. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕێگاكانی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوون و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاراستەیەكی ئیجابی وەربگرێت.

لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانیان دایەوە.

پاش پڕێسكۆنفڕانسەكە سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسە ئیداری و سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی حكوومەتی عێراق بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بار و گوزەرانی ژیانی ئاوارە و پەنابەران سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە بەحركە كرد لە نزیك شاری هەولێر.

شایانی گوتنە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن سەرۆك بارزانی بەڕێ كرا.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی